ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29ى دیسه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز "ژانگ مینگ" جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى چینى میللى و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ به‌ڕێز باڵیۆزى چین له‌ به‌غدا و ژماره‌یه‌ك له‌ دیپلۆماتكار و ڕاوێژكاران پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا شانده‌كه‌ خۆشحاڵیى خۆى به‌م سه‌ردانه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى كه‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ شاندێكى حكوومیى چینى له‌م ئاسته‌دا سه‌ردانى هه‌رێم ده‌كات و بۆ یه‌كه‌م جاریشه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌ى چین له‌ به‌غدا، كونسولخانه‌یه‌ك له‌ شوێنێكى دیكه‌ى عیراق ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها تیشكیان خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌ولێر وه‌ك شارێكى دڵگیر و له‌ ڕووى ئاوه‌دانییه‌وه‌ پێشكه‌وتوو ده‌بینن، سوپاسى به‌ڕێز سه‌‌رۆك وه‌زیرانیشیان كرد له‌ ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌كه‌دا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ ده‌بێت.

شانده‌كه‌ هیواى خواست كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌كه‌یان‌ ببێته‌ هۆى هه‌ڵنانى هه‌نگاوى باشتر به‌ره‌و پێشخستن و پته‌وكردنى په‌یوندیى دوولایه‌نه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا. ڕوونیشان كرده‌وه‌ ئه‌مساڵ بۆ ناوچه‌كه‌ ساڵێكى ناخۆش بوو، كه‌ ڕووبه‌ڕووى هێرشى تیرۆستان بووه‌وه‌، به‌ڵام خه‌ڵكى كوردستان خۆى ڕاگرت و به‌ره‌نگارى تیرۆر بووه‌وه. پشتگیرى و هاوسۆزیى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى چین و ئاماده‌ییشى بۆ پشتگیریى سیاسى و مرۆیى له‌ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.  هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا له‌ كاتى هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمدا، ئه‌وان خه‌ڵك و كۆمپانیاكانى چینیان له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌رێم جێ نه‌هێڵن.

شانده‌كه‌ داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان وڵاتێكى ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و كۆمپانیا چینییه‌كان هان ده‌ده‌ن كه‌ له‌ ژێرخان و سه‌رخانه‌كه‌یدا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، هه‌روه‌ها هیواى خواست كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى وڵاته‌كه‌یان له‌ هه‌ولێر، ببێته‌ هۆى گۆڕینه‌وه‌ى سه‌ردانى فه‌رمى له‌ نێوان هه‌ردوولادا و ئاماده‌یى چینى بۆ هه‌موو هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌ بواره‌ جیاكاندا نیشان دا و سڵاو و ڕێزیان بۆ به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نارد.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به‌م سه‌ردانه‌یان، ده‌ستخۆشیى بڕیارى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى له‌ شانده‌كه‌ كرد و سوپاسى ڕۆڵى به‌ڕێز كونسولى گشتیى كۆمارى چینى میللى كرد، كه‌ وێڕاى ئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌كى كه‌مه ده‌ستبه‌كار بووه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام و به‌ جددى هه‌وڵى داوه‌ بره‌و به‌ په‌‌یوه‌ندییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان بدات. هه‌روه‌ها سوپاسى پشتگیرى و هاوكاریى خه‌ڵك و حكوومه‌تى چینى له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد، به‌تایبه‌تیش له‌ پرسى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆردا كه‌ مه‌ترسییه‌كى جددییه‌ له‌سه‌ر ته‌واوى مرۆڤایه‌تى.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ تێكشاندن و بنه‌بڕكردنى داعش له‌ عیراق ته‌نیا به‌ ڕێكارى سه‌ربازى ناكرێت، به‌ڵكوو بۆ نه‌هێشتنى تیرۆرستان ده‌بێ له‌ ڕووى سیاسیشه‌وه‌ هه‌نگاوى كارا بنرێت. ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ تا ڕادده‌یه‌كى باش پێشمه‌رگه‌ توانیویه‌تى داعش تێك بشكێنێت، به‌ڵام پێویستى به‌ پشتگیرى و هاوكاریى زیاترى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ و له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌رێمى كوردستان چاوى له‌وه‌یه‌ سوود له‌ ئه‌زموونه‌كانى چین وه‌ربگرێت.

له‌ ڕووى كار و وه‌به‌رهێنانیشه‌وه‌، جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یه‌ پێشوازى له‌ سه‌رمایه‌ و كۆمپانیا چینییه‌كان بكات و دڵنیاى كردنه‌وه‌ى كه‌ وه‌به‌رهێن و كۆمپانیاكانیان ده‌توانن ده‌ره‌فه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ده‌ست بهێنن و به‌شدارى له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشخشتن و په‌ره‌سه‌ندنى كوردستاندا بكه‌ن. هه‌روه‌ها هیواى خواست‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى چینى میللى، ته‌نیا له‌ ئاستى سیاسى و ئابووریدا نه‌مێننه‌وه‌، به‌ڵكوو هه‌موو ئاسته‌ كه‌لتوورى و كۆمه‌ڵاتییه‌كانیش بگرێته‌وه‌.  

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی